26-02-2008
ئیسماعیلییه ( میسر ) ( ڕۆیته‌رز )- به‌رپرسێك له ده‌زگای كه‌ناڵی سوێس ڕایگه‌یاند كه كه‌ناڵی سوێس ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو گه‌وره‌ترین داهاتی تۆمار كرد به بڕی (21.39) ملیۆن دۆلار ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش یه‌كه‌م جاره له مێژووی كه‌ناڵی سوێس تۆمار بكرێ بۆ ته‌نها یه‌ك ڕۆژ . شایانی باسه گه‌وره‌ترین داهاتی پێشوی تۆماركراوی كه‌ناڵی سوێس بۆ یه‌ك ڕۆژ (17.99) ملیۆن دۆلار بوو كه له به‌رواری (16/1/2008) تۆمار كرابوو به‌مه‌ش داهاتی نوێ به بڕی (3.4) ملیۆن دۆلار زیاتره له گه‌وره‌ترین داهاتی پێشوو له ڕۆژێكدا . ئه‌م داهاته له باجی تێپه‌ڕینی كه‌شتییه‌كان له ڕێگای كه‌ناڵی سوێس له نێوان ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سوور وه‌رده‌گیرێ ،به‌رز بوونه‌وه‌ی ئه‌م داهاته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بووژانه‌وه‌ی بازرگانی جیهانی به‌تایبه‌تیش له نێوان ئه‌وروپا له لایه‌ك و چین و هیندستان له لایه‌كی تر هه‌روه‌ها به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی كه بۆته هۆی هه‌ڵبژاردنی ڕێگای كه‌ناڵی سوێس له لایه‌ن كه‌شتییه‌كان وه‌ك ڕێگایه‌كی كورت كرا‌و بۆ گه‌یاندنی كاڵاكانیان . داهاتی وڵاتی میسر له كه‌ناڵی سوێس له ساڵی (2007) گه‌یشته(4) ملیار‌و (611) ملیۆن دۆلار.